تەکیەپرێس ـ وتار
🔶 ڕەخنە لە خۆمان ناحیەی تەکیەی کاکەمەند
🔻 نوسینی : هەڵکەوت عبێد ڕەشید
🔷 تکایە دایک و باوکی بەڕێز ، ئاگاداری کوڕە هەرزەکارەکان بن، کاتێ ئۆتۆمبێلیان دەدەنە دەست ڕێنمایی و ئامۆژگارییان بکەن کە خێرا لەکۆڵانەکان نەڕۆن یاخود خۆتان لەگەڵیان بن.
🔷 تکایە هاوڵاتی بەڕێز ، دوربکەوەوە لە برژاندنی کەباب و تکە لەسەر سەربانی ماڵەت، تۆ هەتە، ماڵە هاوسێکەت نیەتی و خۆت تاوانبار مەکە.
🔷 ئازیزەکان، کاتێک ئازیزێکمان دەبەن بۆ قەبرسانەکان یاخود لە مزگەوتدا نوێژی لەسەر دەکەین، با باسی مامەڵە و کاری دونیایی نەکەین، چونکە مردن وانەیە و پێویستە لێوەی فێربین.
🔷 تکایە هاوڵاتی بەڕێز، دوور بکەوەوە لە بەخێوکردنی ئاژەڵی ( مەڕ و بزن و مانگا و هتد) لەناو گەڕەکە قەرەباڵغەکان، چونکە ماوەیەکی تر هاوینە، مەگەر هاوسێکەت موبەردە پێنەکات.
🔷 تکایە هاوڵاتی بەڕێز، دووربکەوەوە لە بەخێوکردنی پەلەوەر لەسەر سەربان و دروستکردنی کولانە و کولانۆچکە لەبەر دەرگا، چونکە هەم بۆنی زۆر ناخۆشە و هەم بەهۆی پاشەڕۆکانییەوە دەبێتە هۆی پیسبوونی کۆڵانەکان.
🔷 تکایە بەقاڵە بەڕێزەکان، خودا ڕزقتان بدات، بەڵام تکایە لەدوای کەسابەتەکەت، پاشماوە و کەلوپەلەکانی خۆتان کۆبکەنەوە و نەبنە هۆی بارگرانی بۆ پاکەوانان و پارێزەرانی شار.
🔷 تکایە هاوڵاتی بەڕێز، با بەهەموومان هەوڵ بدەین خێمەی تەعزێی نێو گەڕەکان بەشێوازێک دابنرێت تا نەبێتە هۆی ڕێگرتن لەخەڵک و هاوسێکەت. یاخود بەکارهێنانی تەعزێخانەی مزگەوتەکان بکەینە بنەما.
🔷 تکایە هاوڵاتی بەڕێز، با بەهۆی خراپ ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلەکانمان لەناو بازاڕ، نەبینە هۆی ڕێگرتن لە هاتوچۆ. بەتایبەت لای سەرتاشخانەکان، ڕێگاکانی نێوان دوکانەکان زۆر دەگیرێن.
🔷 تکایە گەنج و لاوە بەڕێزەکان، هەوڵ بدەن لەسەر کۆڵانی لای قوتابخانەکانی کچان مەوەستن، چونکە هەموویان کچ و خوشک و خزم و دۆستی خۆمانن و، وە دیاردەیەکی زۆر ناشرینە.
🔷 تکایە دووکاندارە بەڕێزەکان، هەوڵ بدەن کەل و پەل و شتەکانتان بەشێوازێک دابنێن ، با نەبێتە هۆی ڕێگری هاتووچۆ لە هاوڵاتی ناحیەکەمان.
🔷 تکایە دایک و باوکی بەڕێز، مەهێڵە کچە هەرزەکارەکەت بە مەکسی و هەندێ جل و بەرگی نەشیاوەوە بە نێو بازاڕدا بگەڕێ، لە پێناو قیامەتی خۆتان.
🔷 تکایە دوکاندارە بەڕێزەکان، لە بۆنە و جەژنەکاندا، هەتا بۆتان دەکرێ نەبنە بارگرانی بۆ هاوڵاتی و مووچەخۆران بەگرانکردنی کەل و پەلەکانتان.
🔷 تکایە هاوڵاتی بەڕێز، ئەگەر لەبەر دەرگا دادەنیشیت، قەینا، بەڵام ماقوڵ نییە دەرخۆنەیەکت هێناوە لە ناوەڕاستی کۆڵان و خەریکی دۆمینە و کۆنکانی.
🔷 تکایە هاوڵاتی بەڕێز، ئەگەر وەستای یاخود دوکانداری و ماڵتان لەناو گەڕەکەکاندایە، تکایە کەلوپەلەکانتان بکەنە نێو مەخزەنەکانەوە، نەوەک لەناو کۆڵانەکان دایان بنێن و ببێتە هۆی ڕێگرتن و ناڕەحەتی هاوسێکانتان.
🔻تێبینی : مەبەست هیچ کەس و شوێنێکی تایبەت و دیاریکراو نییە، سەرەتا خۆم ، ئینجا بەڕێزتان، هیوادارم ئەگەر خاڵێک لە خاڵەکانمان تێدایە، هەوڵ بدەین چاکسازی لە خۆمان بکەین لەپێناو بەرەو پێشچوونی شارۆچکەکەمان.
No comments:
Post a Comment