هەواڵ ـ وتار ـ تەکیەپرێس
🔸بــــا هـــەموومان هەوڵبدەین تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بکەینە شوێنێک بۆ ڕێزگرتن لە هـــەستی مرۆڤەکان
🔻زانا ئەحمەد
🔷کـــاریـــگــەریەکـــانـــی بـــڵاوکردنەوەی وێنە و
هـــەواڵی کـــۆچــی دوای کــەسێک لەسەر دەوروبەر
لە سەردەمی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، هەواڵەکان بە خێراییەکی زۆر بڵاو دەبنەوە، بە تایبەت کاتێک ڕووداوێکی دڵتەزێن وەک کۆچی دوایی کەسێک ڕوودەدات. بەڵام لەگەڵ ئەو خێراییەدا، هەندێکجار مرۆڤایەتی و هەست بە باری دەرونی خێزان و کەسوکاری کۆچکردوو لەبیر دەکرێت.
🔸زۆر جار دەبینین هەندێک پەیج و ئەکاونتی فەیسبوک و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، تەنها بۆ ئەوەی یەکەم کەس بن کە هەواڵەکە بڵاو دەکەنەوە، بەبێ هیچ ڕەچاوکردنێکی دەرونی و مرۆیی، وێنە و هەواڵی کۆچی دوایی کەسێک بە خێرایی بڵاو دەکەنەوە. ئەمەش هەنگاوێکە کە زۆرجار کاریگەرییەکی زۆر ناخۆش لەسەر خێزان و کەسوکاری کۆچکردوو جێدەهێڵێت.
🔹کۆچی دوایی تەنها هەواڵێک نییە بۆ ئەوەی بکرێتە بابەتی لایک و کۆمێنت و زیادبوونی بینەر. کۆچی دوایی برینداربوونی دڵی خێزانێکە، دابڕانی کەسێکە لە ژیانی خۆشەویستانی، قورسترین ساتەکانی ژیانە بۆ ئەوانەی نزیکن لە کۆچکردوو. کاتێک ئەو هەواڵە پێش ئەوەی خێزانەکە خۆیان ئاگاداری کەسوکار و خزمانیان بکەن بڵاو دەکرێتەوە، ئەوە دەبێتە هۆکاری زیادبوونی ئازار و شۆکی دەروونی.
🔸زۆر جار ڕوودەدات کە خزم و کەسوکاری کۆچکردوو لە شار و ناوچەیەکی تر دەژین، یان لە دەرەوەی وڵاتن، یان منداڵەکانیان لە زانکۆ و پەیمانگا و شوێنی دوورن. ئەوان ڕەنگە لە ڕێگەی پەیجێک یان پۆستێکی فەیسبووک ئاگاداری کۆچی دایک، باوک، برا یان خۆشەویستێکیان ببن. ناتوانرێت وێنابکەین ئەو ساتە چەندە قورس و دڵتەزێنە؟ کاتێک مرۆڤێک بەبێ هیچ ئامادەکارییەکی دەروونی، بە ناگەهانی وێنەی کۆچی خۆشەویستێکی دەبینێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، ئەوە تەنها خەم نییە، بەڵکو شۆکێکی دەروونییە کە دەتوانێت کاریگەرییەکی زۆر خراپ لەسەر کەسەکە دروست بکات.
🔹هەندێکجار ئەو خێراییە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ، دەبێتە هۆی ڕووداوە نەخوازراوەکانیش. چونکە زۆر کەس بە شێوەیەکی ئاسایی دەتوانن هەواڵێکی ناخۆش بە ئارامی و لە ڕێگای خێزانەوە وەربگرن، بەڵام بینینی ناگەهانی وێنەی کۆچکردوو لەسەر مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، دەتوانێت ببێتە هۆی تووشبوون بە شۆکی دەروونی، لەرزین، کێشەی تەندروستی و تەنانەت ڕووداوە قورسترەکان.
🔹ئەوەی پێویستە لێرەدا باس بکرێت. پێویستە ئەوخاوەن پەیج و ئەو کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان چالاکن، بزانن کە هەواڵی کۆچی دوایی بابەتی پێشبڕکێ نییە. بابەتی یەکەمبوون و زیادکردنی لایک و کۆمێنت نییە. بەڵکو پێویستە سەرەتا ڕێز بگیرێت بۆ هەستی خێزان و کەسوکاری کۆچکردوو.
باشتر و مرۆڤانەتر وایە کە پێش بڵاوکردنەوەی هەواڵی کۆچ، چەند کاتژمێرێک چاوەڕوانی بکرێت. دەرفەت بدرێت بە خێزان و کەسوکاری کۆچکردوو بۆ ئەوەی خۆیان بە شێوەیەکی گونجاو و ئارام، خزمان و ناسیاوانیان ئاگاداربکەنەوە. ئەو کاتە دەتوانێت زۆر گرنگ بێت بۆ ئەوەی هەمووان بە شێوەیەکی مرۆیی و ئارام هەواڵەکە وەربگرن.
🔹هەروەها پێویستە لەکاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەش، ڕەچاوی هەندێک بابەت بکرێت. نابێت وێنەی دڵتەزێن و ناخۆش بڵاو بکرێتەوە، نابێت شێوازی نوسینەکە تەنها بۆ سەرنجڕاکێشان بێت. چونکە کۆچی دوایی ڕووداوێکی دڵ هەژێن و خامناکە، نەک بابەتێک بۆ زیادکردنی بینەر.
🔸مرۆڤایەتی ئەوە نییە یەکەم کەس و زووترین کەس بیت لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ ، بەڵکو ئەوەیە بزانیت کەی و چۆن هەواڵێک بڵاو بکەیتەوە بە شێوەیەک کە ئازاری خەڵک زیاتر نەکات.
🔹با هەموومان هەوڵ بدەین تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بکەینە شوێنێک بۆ ڕێزگرتن لە هەستی مرۆڤەکان، نەک تەنها شوێنێک بۆ پێشبڕکێی لایک و کۆمێنت.
No comments:
Post a Comment