وەزارەتی بازرگانی ڕایگەیاند، پڕۆسەی زیادکردنی ناوی منداڵ بۆ سەر فۆرمی بەشەخۆراکی مانگانە دەستی پێکردووەتەوە و لە قۆناغی یەکەمدا دوو پارێزگای هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، لە لێدوانێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد: "دوای سێ ساڵ لە ڕاگرتنی، ئێستا پڕۆسەی تۆمارکردنی ناوی منداڵ لە شەش پارێزگای عێراق دەستی پێکردووەتەوە، کە هەریەکە لە پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە." جەختیشی کردەوە کە پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت و ناوەستێت.
سەبارەت بە دواکەوتنی پڕۆسەکە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی، بەڕێوەبەری گشتی ڕایگەیاند: "بەهۆی قەرەباڵغییەکی زۆر لەسەر تۆمارکردنی ناوی منداڵ، تاوەکو ئێستا لەو دوو پارێزگایە دەستمان پێ نەکردووە، بەڵام بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا پڕۆسەکە لەوێش دەست پێ بکات."
ئاماژەی بەوەدا کە تاوەکو ئێستا ٩٤٪ـی هاووڵاتیانی هەرێم لە فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک تۆمار کراون و نزیکەی ٢٩١ هەزار هاووڵاتی ماون کە خۆیان تۆمار بکەن. هۆکاری سەرەکیی تۆمارنەکردنی ئەو کەسانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆربەیان لە دەرەوەی وڵاتن یان کارتی نیشتمانییان نییە، بەو هۆیەشەوە بەشەخۆراکی مانگانەیان ڕاگیراوە.
سەبارەت بەو کەسانەی تازە هاوسەرگیرییان پێکهێناوە، بەڕێوەبەری گشتی ڕوونی کردەوە کە زیادکردنی ناوی ئەوان دەکەوێتە قۆناغی دووەم و لە ئێستادا دەست پێ ناکات، چونکە هەندێکیان گرفتی گواستنەوەی شوێنی نیشتەجێبوونیان هەیە و پێویستی بە ڕێکارێکی زیاترە.
No comments:
Post a Comment