ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، لە سبەی دووشەممەوە، کاریگەریی ئەو بارستەهەوا گەرمەی لەسەر ناوچەکەیە لاواز دەبێت و کاریگەریی بارستەهەوایەکی ساردی دەریای ناوەڕاست بۆ سەر ناوچەکانمان دەستپێدەکات، بەو هۆیەوە پلەی گەرمی بەراورد بە ئەمڕۆ 2 تا 3 پلە نزمدەبێتەوە، لەگەڵ ئەگەری ناجێگیرییەکی لاواز لەسەر ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای سلێمانی و چالاکبوونی هەورەبروسکە و تاوەبارانی لاواز لە هەندێک کاتدا.
وتیشی، بۆ رۆژی سێشەممە، کاریگەریی بارستەهەواکە زیاتر دەردەکەوێت لەسەر ناوچەکە و پلەی گەرمی نزمبوونەوەیەکی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، ئاسمانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگۆرێت بۆ نیمچەهەور و لە کاتەکانی نێوان نیوەڕۆ بۆ شەو، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک، هەولێر، ئیدارەی سۆران و راپەڕین لە هەندێک کات و شوێندا ئەگەری دروستبوونی تاوەباران و هەورەبروسکەی کورتخایەن دەبێت.
باسی لەوەشکرد، لە کۆتایی هەفتەشدا کاریگەریی بارستەهەوایەکی ساردی جەمسەری باکوور بۆ سەر ناوچەکانمان دەستپێدەکات و شەپۆلێکی مامناوەندی بارانبارین زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان و نزمبوونەوەیەکی بەرچاو لە پلەی گەرمی و دەستپێکردنەوەی کەشێکی سارد و زستانە بۆ ماوەی چەند رۆژێک.
No comments:
Post a Comment